چاوپێکەوتنی دەزگای هاوپشتی لەگەڵ شێرزاد فاتح، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە!

چۆنێتی ڕه‌فتارو مامه‌ڵه‌ی هه‌رکۆمه‌ڵگایه‌ک له‌گه‌ڵ منداڵاندا، گرنگترین پێوه‌ری پێشکه‌وتووی و ئازادیبونی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه بەیان دەکات‌، منداڵان له‌هه‌مووشتێک گرنگترن، وه‌ له‌ پێشترن له‌هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی، ئایدۆلۆژی، ئابوری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی” یه‌که‌م مناڵان” له‌ به‌نده‌کانی پێکهاتنی سه‌نته‌ری منداڵان، ئازاری 1999 م.ح

لاوژە جەواد/ دەبێت منداڵان لە چ بارودۆخو ژینگەیەکدا گەورەبن بۆ ئەوەی ژیانێکی ئاسایی و دواڕۆژێکی ئاسودەیان هەبێت؟

شێرزاد فاتح: بۆ ئەوەی منداڵان ژیانێکی ئاسایی و دواڕۆژێکی ئاسودەیان هەبێت، ئەوا پێویستە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان بۆ دابین بکرێت، مەبەست لە پێداویستییە سەرەتاییەکانیش، یەکەمیان لە بەخشینی سۆزو خۆشەویستییەوە دەست پێدەکات لە تەمنی ساواییدا، مەبەستم لە پلەی یەکەمیش یانی ڕێز گرتن لە منداڵ و بەهەند وەرگرتنی هەموو هەست ودەربڕینێکیان، جا ئەم دەربڕینە بەدڵی گەورەکان بێت یان بە پێچەوانەوە، ئەوە گرنگ نییە. بەڵام گرنگە کە هەرهەڵوێستێک لە لایەن منداڵانەوە بنوێنرێت پێویستە جێگەی بایەخی گەورەکان و دەوروبەری بێت، گفتوگۆی لەسەر بکرێت و منداڵەکە ڕوونکردنەوە وەربگرێت لە سەر هەڵوێستەکانی و شتی باش و خراپ وەڵامی تایبەتی و شایستە بە تێڕوانین و تواناییەکانی منداڵ لەبەرچاو بگیرێت.

ئەگەر چاوێک لە شێوازی پەروەردەی منداڵان لە کۆمەڵگای کوردستان و عێراقدا بکەین، دەبینین بەبەراورد لەگەڵ ئەو ستانداردە نێودەوڵەتییانەی کە هەن و بەشی هەرەزۆری وڵاتانی دونیا واژۆیان لەسەر کردوەو خۆیان بەبەرپرسیار دەزانن لەبەرامبەر جێبەجێکردنیدا، بەڵام بەداخەوە بەشی لانی کەمی ئەم ماف وئەرکانە بە ئەنجام نەگەیەندراون و بگرە ڕۆژانە ژێر پێدەنرێن. هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە خودی دەسەڵاتی نەتەوەپەرست و ئاینی و تایفەگەری لە خەمی منداڵان و پاشەڕۆژیاندا نین. ئەگەر جاروبارەش شتێک لەمبارەوە لە شاشەی تەلەفیزیۆنەکانەوە دەبینی بۆ منداڵانی بکەن، تەنها بۆ ڕووسوری خۆیانو شانۆیەکە بۆ پڕوپاگەندەو شاردنەوەی ڕاستییەکانە لە ڕای گشتی و چاودێرانی مافەکانی منداڵان و مرۆڤ بە گشتی.

لاوژە جەواد/ ئەم بارودۆخەی کە لە عیراق و کوردستان هەیە نائارامی تەقینەوەو شەر لەدەسدانەی ڕۆژانەی خۆشەویستانیان ترسو دڵە ڕاوکێ تا چەند کاریگەری لەسەر منداڵان و دواڕۆژیان هەیە؟

شێرزاد فاتح: سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە کێشەی تەقینەوە و نا ئەمنی لە بەشێکی زۆری شارەکانی کوردستان زۆر دەگمەنە یان هەربوونی نییە، لەمبارەوە ئەم کێشەیە خۆشبەختانە کێشەی منداڵانی کوردستان نییە، بەڵام منداڵانی کوردستان بەدەست دەیان کێشەی ترو بێمافییەوە دەناڵێنن. سەبارەت بە عێراق بەگشتی بۆئەوەی بتوانم دروست وەڵامی ئەم پرسیارەت بدەمەوە پێویستە چاوێک بەو ڕاپۆرت و بە دواداچونانەدا بگێڕین کە لەمبارەوە ئەنجامدراون. لەهەمان کاتدا ئاگاداری و هۆشدارییەکانی یونیسێف لەمبارەوە چاولێبکەین. لە گشتدا بێگومان ئاشکرایە کە ئەم بارودۆخە نائارامەی کە مرۆڤەکانی کۆمەڵگای ئێمە بە گشتی و منداڵان بەتایبەتی تێدا ژیان دەکەن هەلومەرجێکی مەترسیدارەو پڕە لە ترس ودڵەڕاوکێ ونیگەرانییە، کە ئەمەش بۆخۆی گاریگەری دوولایەنەی تەندروستی و دەرونی لەسەر منداڵان دادەنێت. لەمبارەوە هانزبون سبون کە پێشتر مونەسقی بەشی مافی مرۆڤی ویلایەتە یەکگرتووەکان بو لە عێراق لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا ئاماژە بەوە دەدات کە لە ئەم نەوە نوێیەی عێراق کە لە نێو شەڕو نا ئەمنیدا گەورە ئەبن، نەوەیەکی توندوتیژ دەرئەچن، چونکە هەمیشە نیگەرانن و ناڕەحەتن و کەمترین کات هەست بە ئارامی دەکەن.

لە ڕاپۆرتێکی تردا کە لەمبارەوە نوێنەری یونیسێف و چەندین لێکۆڵەرەوە لە عێراقدا لە دوای بە دواداچوونێک ئەنجامیان داوەو ئامادەیان کردووە، لە لایەن چەندین شایەتحاڵەوە نموومەی زیندو وەرگیراوە، بەراوردێکە لە نێوان هەڵسوکەوتی منداڵان لە ساڵەکانی 1990 تا ساڵی 2010 لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە دەکات کە چۆن منداڵان لە کاتی خەودا بەبێ بوونی دایک یان باوک یان گەورەیەک لە پەنایان خەویان لێناکەوێت و هەست بەترس و دودڵی دەکەن و لە کاتی خەودا چاویان دادەپۆشن، بە خەبەر هاتن و زریکاندن لە کاتی خەودا بەشێکی ترە لە دەرئەنجامەکانی کاریگەری شەڕ لەسەر منداڵان، ئەمە جگە لەوەی ڕێژەی هەڵسوکەوتی شەڕەنگێزی(التصرف العدوانی) لە نێومنداڵاندا بەڕێژەی 24% لەسەرەتای نەوەتەکاندا زیادی کردووە هەر تەنها دوای شەڕی کەنداو، چجای دوای نزیکەی 20 ساڵی تری شەڕی بەردەوام، دەبێت ئەم ڕێژەیە بە کوێ گەیشتبێت. لە کاتی شەڕی ئەمەریکا لە دژی عێراق و پێشتریش شەڕی صدام لە دژی خەڵکی کوردستان و بەشێک لە خەڵکی خواروی عێراق چەندین جۆر چەکی کیمیایی و فسفۆری و عونقودی بەکار هاتتوەو ئاسەوارەکانی بە جەستەی کۆماڵگا و نەخۆشییەکانی منداڵانەوە دیارە، بۆیە بەگشتی چ لە باری دەرونی و چ لەباری تەندروستییەوە ئەم شەڕو تەقینەوانە کاریگەری لەسەر جیلی نەوەدەکان و ساڵەکانی 2000 داناوە، ئەمە جگە لەبەرز بوونەوەی ڕادەی نەخوێندەواری و دابەزینی ئاستی خوێندن بە ئەندازەیەکی خەتەرناک. نەخۆشی سەرەتان و ئیفلیجی و تێکچون و تەشویهی جینات لە شارەکانی وەک فەلوجە و چەندین شاری تری عێراق و کوردستان کارەساتێکی زیندو مەرگەساتێکە بەڕووی کۆمەڵگای ئێمەدا.

لاوژە جەواد/ پێتان وانیە ئەمانەی لەسەرەوە باسمکرد بۆتە هۆکاری بێ سەرپەرشت بوونی منداڵان و ئەمەش وایکردوە کە لەلایەن باندە جۆراو جۆرەکانی تاوان وەکو سێکس و مادە هۆشبەرەکان و هێزە میلیشیا چەکدارەکان چەندی تر بەکار بهێندرێت؟

شێرزاد فاتح: بەڵێ وایە، ئەم هەلومەرجەی ئێستا ڕێژەیی منداڵانی بێسەرپەشتی زۆر زیاد کردووە، ئەمەش لە یەکەمین تەقەکانی گرتنی بەغداوە لە لایەن ئەمەریکاوە هەستی پێکرا، پێم باشە ئاماژە بەوە بکەم کە دوای پەیوەندییەکی هاوڕێ صباح ڕاجی لە ساڵی 2003 لەگەڵ مندا سەبارەت بە منداڵانی بێسەرپەرشت لە بەغداد و کەرکوک، ئەوکات من سەفەرم کردو نزیکەی دوومانگێک لە بەغدادو کەرکوک مامەوەو لەگەڵ هاوڕێی گاینبەختکردوو (لەیلی محمەمەد)و چەندین هاوڕێی تر زۆر کارمان ئەنجامدا و کارەکانی من بەگشتی ڕوو لە کۆمەک و هاوکاری بەمنداڵانی بێسەرپەرشت بوو، کە لەمبارەوە کتابێکم نوسی و فیلمێکی دیکۆمێنتیم ئامادەکرد. بەپێی ئامارەکان لەوکاتەدا 900000 نۆسەد هەزار منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت هەبوو، 5300000 پێنج ملیۆن و سێسەدهەزار منداڵ هەبوو کە یەک لە سەرپەرشتانیان (دایک یان بێ باوک)یان دەستدابوو، ئەم ڕێژانە ئێستا چەند بەرابەر زیادی کردووە.

جگە لە ژیانی پڕ مەینەتی خۆیان، ئەم منداڵانە لە لایەن تیرۆریستانەوە بۆ کاری تەقاندنەوە چەندینجار بەکار هاتوون لەبەرامبەر 100 تا 200 دۆلارێکدا، نەشیان زانیوە کە پارچەکانی لەشیان بەهەوادا دەڕوات و ناتوانن سود لەپارەکەش وەرگرن کە وەریدەگرن، هێندە خەڵەتێنراون و مێشکیان شۆردراوەتەوە. لەمبارەوە ڕاپۆرت و زانیاری زۆر هەن کە مرۆڤ نیگەران و ناڕەحەت تا ڕاددەی شۆک دەکەن، کە بەداخەوە دەسەڵاتداران نە توانای چارەسەرو نە ئەرکی چارەسەر لە ئەستۆ دەگرن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە نایانەوێت بە کێشەی منداڵانەوە سەری خۆیان بێشێنن و ئەو خەمە خەمی ئەوان نییە.

لاوژە جەواد/ هەموو ئەم بارودۆخانە وایکردوە کە نەوەیەک لە منداڵان نەخوێندەوار بن، تاچەند ئەمە کاریگەری لەسەر خۆیان و دواڕۆژیان هەیەو لەهەمانکاتدا لەسەر کۆمەڵگاش؟

شێرزاد فاتح: سەبارەت بە ڕێژەی نەخوێندەوار جێهێڵانی پۆلەکانی خوێندن لە لایەن منداڵانەوە، لە بەدواداچونێکدا بەناونیشانی(نیوەی منداڵانی عێراق نەخێندەوارن) لە ساڵی 2012 دا بڵاو کراوەتەوە باس لەوەدەکات کە تا ساڵی 2012 ئاستی نەخوێندەواری و ڕووکردنی منداڵان لە بازاڕی کار گەیشتۆتە 2500000 دووملیۆن و پێنجسەدهەزار، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە ساڵی 2009 دا تەنها 1300000 ملیۆنێک و سێسەدهەزار بوو، وە ڕێژەی منداڵانی کرێکار لە نێوان 10% بۆ 15% هێزی کاری پێکدەهێنا، بەڵام ئێستا ئەم ڕێژەیە نزیکەی دووبەرابەر زیادی کردوەو بەرز بۆتەوە بۆ 20% کە تەمەنی ئەم منداڵە کرێکارانە لە ٨ بۆ 9 ساڵانی تێدایە.

ئەم ئەلومەرجەی منداڵانی تێدا دەژین بەڕاستی مایەی نیگەرانیەو زۆر مەترسیدارە، ئەوەی چاوەڕوانی دەکرێت ئەوەیە کە نەوەیەکی نەخوێندەوار، نەوەیەکی توڕەو نیگەران و نائارام، نەوەیەک کە دواڕۆژێکی تاریک چاوەڕوانیان دەکات، کۆمەڵگایەک کە لەسەردەستی ئەم نەوەیە بنیات بنرێت پڕ لە کارەسات دەبێت.

لاوژە جەواد/ بەڕای ئێوە دەبێت چی بکرێت بۆ چاککردنی بارودۆخی منداڵان؟

شێرزاد فاتح: چارەسەری کرداری و دەستبەجێی ئەم هەلومەرجە بەچەند قۆناغێک دەکرێت، سەرەتاش بەوە دەست پێدەکات کە ئەم هەلومەرجەو ئەم نمونانەی کە باسمان کردن، بە وێنەو بەدواداچونەوە بە دنیا و ڕێکخراوەکانی وەک ئەمنستی وسەیڤ چایڵد و … هتد بناسێنرێت و ببێتە جێسەرنجی میدیاکان. لەهەمان کاتدا ئەم هەلومەرجە مەترسیدارە بە ئاگاداری دەسەڵات بگات و ببێتە مایەی هەڵوێست و ناڕەزایەتی خەڵک بەگشتی و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافەکانی منداڵان بە تایبەتی، بەبێ بە ڕێخستنی ئیعترازو ناڕەزایەتی بەرفراون وبەدەستهێنانی ڕێکخراوەنێودەڵەتییەکان بۆ ئەم کێشەیە، پێم وا نییە بتوانرێت هەر هەنگاوێک بنرێت. بە بڕوای من ئەمە بەشێکە لە کاری ئێمە چ وەک سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان و چ وەک هەڵسوڕانی بزوتنەوەی کرێکاری ومافەکانی منداڵان وژنان.

سەرچاوەی کێشەکەش، سەرباری ئەو هەلومەرجەی کە لە کۆنترۆڵی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەرچووەو ئەوان دەستەوەستاون لە ئارامکردنەوەو چارەسەری وەزعەکە، کێشەی دووەم و سەرەکی ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە کێشەیەکی نییە کە ناوی کێشەی منداڵان بێت، هەرەک چۆن ئەم کێشەیەو کێشەی ژنان لە چاوی دەسەڵاتدارای کوردستانەوە نەبینراو و هەست پێنەکراوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.