دۆخ و دەرفەتی یەکسان بۆ منداڵان!

ئاوات

 دۆخ و دەرفەتی یەکسان بۆ منداڵان!

یەکێک لە دزێوترین و ئازاربەخشترین دیاردەکانی دنیای ئەمرۆ، هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی منداڵانە. ئەوەی کە بەشێیکی زۆر لە منداڵان لە تەمەنی ساواییەوە تا سەرەتای هەرزەکاری نەک هەر لە هەموو خۆشی و نازونیعمەتی ژیان بێبەرین، بەڵکو زۆرێکیان دەبێ خەمی بژێوی مەمرەومەژێی خۆیان و خێزانەکانیشیان بخۆن. لە دەستفرۆشی و بۆیاخچێتی و جۆرەها کاری سەرجادەوە بگرە تا ئەوەی لە زۆربواردا شیلەی گیانی منداڵان دەکرێن بە خۆراکی قازانجپەرستی سەرمایە. ئەمە پەڵەیەکی ناشرین و شەرمئاوەری دنیای ئێستایە.

تا ئێستا بەشێک لە منداڵان لە دەرفەتی خوێندن و فێربون بێبەشن. لەجیاتی ئەوە لە هەلومەرجێکی تراژیدیکدا بەدوای پاروەناندا وێل و سەرگەردانن. تەواوی مەشغەلەیان بووە بەوەی چۆن بتوانن کڕیار بۆ کەرەستە بێبەهاکانیان پەیدابکەن. چۆن بتوانن هەست و سۆزی گەورەکان بجوڵێنن بۆ ئەوەی پاکەتێک بنێشت یان دەسرێکی کاغەزییان لێ بکڕن. لە ڕاستیدا ئەمەیان جۆرێکە لە سواڵکردن و ئەوبەشە لە منداڵان گرفتاری دەبن کە هیچ دەستمایەیەکیان نیە تەنانەت بۆ کاری دەستفرۆشیش.

ئەو منداڵانەی کەمێک بەبەخترن و دەرفەتیان دەبێت بڕۆنە قوتابخانە، بەڵام قوتابخانە چەندە جێگای فێربونی خوێندن و نوسین و زانستە، بەهەمان ڕادەش لە سایەی سیستەمی خوێندنێک کە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگای چینایەتیە، جێگای مێشکداشۆرینی مێشکی پاک و بێگەردی منداڵانە. لە رۆژی یەکەمەوە فێردەکرێن کە منداڵان دووبەشن؛ کچ و کوڕ، نەوەی مرۆڤ دووجۆرە کە لەگەڵ یەک جیاوازیان هەیە، لە ماف و لە ئەرک و پلەوپایە و لە پۆل و لە یاری و لە پێکەوەگەڕان و..و …دەبێ لێکجیاوازبن. لەوتەمەنەوە سەرەتای ئەو هەڵاواردنە ناڕەوایە دەخرێتە مێشکیانەوە کە هەتا بەرەوگەورەبون هەڵدەچن، منداڵە کورەکان ببن بە پیاو و منداڵە کچەکانیش ببن بە ژن، ئیتر ئەم دوو ڕەگەزەی مرۆڤ دەبێ لە هەموو بوارێکدا هەڵبوێردرێن. لە سایەی سیستەمی خوێندنی کۆمەڵگای چینایەتیدا منداڵەکوڕەکان هەر لەسەرەتاوە فێری ئەوە دەکرێن کە خوشکەکەی خۆیان بە پلەدوو بزانن، بە کەم ئەقڵیان بزانن، فێری ئەوە دەبن کە ڕۆڵی پاسەوانی و سەرکوتی خوشکەکەیان بزانن، کە وەکو شەرەفی برا و باوک و بنەماڵە چاویان لێدەکرێت.

لە سیستەمی پەروەردەی ئالودە بە دین و ناسیۆنالیزم و پیاوسالاری، منداڵان فێری ئەوە دەکرێن کە مرۆڤەکان یان بەندەی خودا و پێڕەوی لە یەکێک لە ئاینەکانن یان کافر و پیس و نەفرەت لێکراوی خودان و شایانی ئەوە نین کە بە چاوی مرۆڤ تەماشا بکرێن، تەنانەت شایانی ئەوەنین کە بژین. منداڵان بەپێی ئاینی دایک و باوکیان هەر لە تەمەنی ساواییەوە ڕاپێچی ژێرباری داب و نەرێتی ئەو ئاینە دەکرێن. بۆ نمونە منداڵی کچی موسلمان لە ٥-٦ ساڵیەوە فێردەکرێت کە تەواوی جەستە و قژ و تەنانەت ڕوخساری خۆی لە خەڵک بشارێتەوە و جەستەی خۆی وەکو عیبرەت چاولێبکات کە دەبێ داپۆشراوبێت. فێری ئەوە دەکرێت کە هاوڕێ منداڵەکانی خۆی کە ئەوانیشبە گوێرەی ئاینی دایک و باوکیان سەربە دینێکی تر هەژمار دەکرێن، بە بێگانە لە خۆیان بزانن، تەنانەت وەکو نەیار تەماشایان بکەن. فێری ئەوە دەکرێن کە مرۆڤەکان لەسەر بنەمای زمانی قسەکردن پۆلێن بکرێن و بۆ هەرکامیان ناسنامەیەکی ساختەی میللی دابتاشرێت و بەم جۆرە دەکرێن بەبێگانەی یەکتری. هەندێک کوردن و هەندێک عەرەب و تورک، ئیتر ئەم جیاوازی نەتەوایەتیە ئەوەندە لێکیان دادەبڕێت کە زۆرکات گیانی دوژمنکاری لە نێوانیان دەچێنێت. منداڵان لە تەمەنی ساواییەوە فێری خاکپەرستی دەکرێن، فێری ئەوە دەکرێن کە خاکی نیشتمان پێرۆز و لە خودی مرۆڤەکان بەهادارترە.

بۆیە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی گەورەکان لە سایەی دۆخی ئێستادا، وە یەکێک لە مەیدانە گرنگەکانی هەر بزووتنەوەیەکی پێشکەوتوانە و ئازادیخوازانە و ئینساندۆستانە، خەباتە بۆ سەپاندنی ماف و بارودۆخێکی وەکو یەک بۆ هەموو منداڵان، بەدەر لەوەی دۆخی خێزانیان لە ڕووی ئابوریەوە یان لە ڕووی پێڕەوی لە ئاینەکان و نەتەوەکانەوە چیە و چۆنە. دەبێ ئەوە بەسەر هەموو دەسەڵات و سیستەمێکدا بسەپێنرێت کە منداڵ تەنها منداڵە و هیچی تر، واتە منداڵ نە کوڕە و نەکچ، منداڵ نە کوردە و نەعەرەب و نە تورک. منداڵ نە موسڵمانە و نە کریستیان، نە شیعەیە و نە سونە. هەمویان تەنها منداڵن. تا کاتێک گەورەدەبن و خۆیان بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کە ناسنامەیەکی دینی یان نەتەوەییان هەبێت یان نا.

دەوڵەت بەرپرسیارە لەوەی کە چ لە ڕووی پەروەردە و چ لە ڕووی دارایی و بەهرەمەندبوون لە خۆشی و شادی ژیانەوە، گوزورانێکی باش و یەکسانی بۆ هەموو منداڵان مسۆگەر بکات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئاستی دارایی ێیزانیان چۆنە یان دایک و باوکیان سەربەکام ئاین و نەتەوە و چینی کۆمەڵایەتین. دەوڵەت دەبێ ئەوە مسۆگەر بکات کە هەموو منداڵان بە پێی پێوانەیەکی باش و یەکسان هەلومەرجی گەشە و هەڵدانی ماددی و مەعنەویان دابین بکرێت. منداڵان هەرچۆن لە دەسەڵاتی خۆیاندا نیە کە لەکام دایک و باب و خانەوادەدا دێنە دنیاوە، هەرواش نابێ مەحکوم بن بە نەداری و هەلومەرج و دۆخی نالەباری خانەوادەکانیان. دەوڵەت لەسەریەتی بەپێی ستانداردێکی باش و پێشکەوتوانە ئاستێکی گوزەرانی بەرز و باش لە ژیان و لە هەلومەرجی مادی و مەعنەوەی یەکسان بۆ هەموو منداڵان و مێردمنداڵان دابین بکات.

بەڵام خەبات لە پێناوی ناچارکردنی دەوڵەت بۆ دەستەبەرکردنی ئەم دۆخە باش و یەکسانە بۆ هەموو منداڵان، ئەرکی گەورەکانە. منداڵان خۆیان ناتوانن لەم پێناوەدا هیچ بکەن. گەورەکان؛ دەبێ ئەوانەی کە خەبات بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی و ریشەکێشکردنی چەوسانەوە بە ئەرک و کاری خۆیان دەزانن، مشوری منداڵان بخۆن. سەنتەری بەرگری لە مافەمانی منداڵان دامەزراوێکی مرۆڤە گەورە و ئازادیخواز و خەمخۆرەکانە و توانای خۆی لەم مەیدانە چڕکردوەتەوە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.