ینک (PUK) سەنتەری منداڵانی کوردستانی داگیر و تاڵانکرد

دوانزەهەمین ساڵیادی تاڵان و داگیرکردنی بنکەی سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵانی کوردستان لە لایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە.

دوانزە ساڵ لەمەوبەرو لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (15 -7-2000) یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کە ئیدعای دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات، وەک هێزێکی سەرکوتگەر هێرشی کردە سەر سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵانی کوردستان و بەزۆری چەک دایانخست و هەرچی ئەرشیف و کەلوپەلیشی هەبوو تاڵانیان کرد، چەکدارو بەرپرسەکانی ئاسایشی(ینک) لە سلێمانی منداڵە بێخانەو لانە وبێسەرپەرشتەکانی سەنتەریان، ئەو منداڵانەی کە کەسوکاری پلە یەک و دوویان لە دەست دابوو وە جگە لە سەنتەری منداڵان هیچ پەناگەیەکی تریان شک نەدەبرد، ئاوارەی نێو کۆڵانەکان وسەر جادەکان کرد.

دوای ئەوەی کە بە ئیعترافی منداڵەکان خۆیان لەلایەن بەرپرسی ئاسایش لە ساڵی 2000 دا و چەکدارانی تری ئاسایشەوەڕووبەڕووی توندوتیژی و ئازاردان و لێدان ببوونەوە، کە ئاسەواری سزادان بە پشتییانەوە دیاربوو. چەکدارەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامرازی بەرگری کردن لە مافەکانی منداڵانی کوردستان و پاراستنی حومەتەت و کەرامەتی منداڵانیان قەدەغە کرد، دوای ئەوەی کە خۆیان وحکومەتە ساواکەیان نەیانتوانی بەو هەموو دەسەڵاتەیانەوە، وە بەو هەموو سەروەت و سامانەی وا لە بەردەستیان دایە، کە هەمووی پاروی دەمی هەژاران و نەدارانی کوردستانەو ڕۆژانە هەڵیدەلوشن، نەیان توانی ژیانێکی ئاسودە بۆ منداڵان دابین بکەن و جێگەیەک بۆ حەوانەوەو سەرحاڵی منداڵان بکەنەوە. کە خۆیان ئەمەیان پێنەکرا نەشیان هێڵا ئێمە بیکەین و قەدەغەو تاڵان و داگیریان کرد.
سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵانی کوردستان، ڕێکخراوێکی منداڵدۆستی ئازدی خورازە لە پێناوی بەرگری کردن لە مافە ئینسانیە فەردی و مەدەنییەکانی منداڵاندا لە لایەن کۆمەلێک خەڵکی چەپی ئازادی خوازو بەرگریکەر لە مافەکانی منداڵان، لەبەرواری1999/3/5 دا، وە بە ئامادە بوونی زیاتر لە 150 کەس و بە بە شداری بە شێک لە نوێنەری لایەنەکان و کە ناڵەکانی ڕاگەیاندن، لە هۆڵی ڕۆشنبیری دوا ڕۆژ لە شار ی سلێمانی، پێک هات.
لەبەر درێژ نەکردنەوەی ئەم ڕاگەیاندنە، سەرنجی خوێنەری ئازیز بۆ ئەوە ڕادەکێشم کە لە سایتی سەنتەری منداڵاندا چاوێک لە کاروچالاکییەکانی سەنتەری منداڵان بکەن سەبارەت هاوکاری و کارکردن و گەیاندنی خزمەت بە منداڵانی کوردستان، وە بەتایبەتیش لیستێک لەکارکردنی سەنتەر بڵاودەکەینەوە لە ماوەی ئەو یەکساڵەی تەمەنی سەنتەرداو پێش هێرشە هۆلاکۆ ئاساکەی ینک بەئەنجاممان گەیاندبوون، هەموو ئەو دەستپێشخەری و هەنگاوە جدی و مرۆڤدۆستانە و بەرگری کردنە لە مافەکانی منداڵان، و هەوڵی ڕزگارکردن و پاراستنی منداڵان، گۆشەیەکی ئەو کارانەن کە بە سەرپەرشتی سەنتەرو هەوڵی بێدرێغی بەرپرس و هەڵسوڕاوانی خۆبەخش و کۆمەکی منداڵدۆستان و ئازادیخوازان بەڕ ێوە دەچوو. بەڵام هەموو ئەمانە بوونە قوربانی سیاسەتی نامرۆڤانەو شەڕخوازانەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لە کاتی هێرشی چەکدارانەیان دا بۆ سەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا، بۆ ڕازی کردن و نۆکەرایەتی بۆ جمهوری ئیسلامی ئێران و حکومەتی دڕندەی بەعس، دوژمنایەتی خۆیان بەمافەکانی منداڵان بە هێرش بۆ سەر سەنتەرەکەمان ڕاگەیاندو بەئاگرو ئاسن وەڵامی پێداویستی و داخوازییەکانی منداڵانیان دایەوە، هەروەک چۆن ئاواش وەڵامی ژنانی سەنتەری پارێزگاری لە ژنانی کوردستانیان دایەوە.
(ینک) هاوشێوەی حیزب و دەسەڵاتە دکتاتۆرەکان، ملهوڕانە ئەم تاوانەی ئەنجامداو مێشیش میوانی نەبوو، هەروەک چۆن لەتاریکی شەودا تەرمی پێنج کادری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقیان، دوای کوشتنیانیان زۆر دڕندانە، بەعس ئاسا وەک گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال خستە ژێر گڵەوەو بۆئەوەی هیچ ئاسەوارێک بەجێنەهێڵن و بەخەیاڵی خاویان تاوانەکەیان بۆ هەمیشە بشارنەوە. بەڵام هەروەک لە ساڵانی ڕابردوودا و لە یادی ئەم ملهوڕییەی ینک دا بەچەندین زمانی جیاجیا، ئەو تاوانەمان ڕیسوا کردووە، لە ئێستاو داهاتوشدا بەردەوام دەبین تا ینک بەڕەسمی دوای لێبوردن دەکات و قەرەبووی مادی و مەعنەوی هەموو زەرەرو زیانەکانمان دەکاتەوە.

ینک دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر ئەم تاوانەداو لە میانەی کێشەو ناکۆکیەکانیان لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا، بۆ یەکەمجار باسیان لەوتاوانە کردوو ئەویان بە سەرپەرشتیکەری تاوانەکە ناوبرد، هەروەها ئەمساڵیش دوای تێپەڕبوونی 12 ساڵ و لە کۆنگرەی سێیەمی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا نوێنەری مەکتەبی سیاسی ینک باسی لە سیاسەتی نادروستی ڕابردووی ینک کرد بەڵام بەبێ ئەوەی کە بە ڕەسمی داوای لێبوردن بکات، ئەوەی جێگەی سەرنج و مایەی ڕیسوایە بۆ ینک و هەموو ئیدعاو پڕوپاگەندەکانیان لەمەڕ دیموکراسی و مافی مرۆڤ مایەپوچ دەهڵێتەوە لەم نێوەدا، ئەوەیە کە، یان شەرم دەیانگرێ و لەڕوویان نایەت ئەم کارە بکەن، یانیش جورئەت ناکەن بە ڕاگەیاندنێک ئەم تاوانەی خۆیان بەیان و ڕیسوا بکەن و داوای لێبوردن بکەن.
ئەوەندەی من گوێبیستی بوبێتم و پێی ئاشنابم لە مێژوودا تاوانی جیاجیا لەچاو ئەم تاوانە چ چکۆلە ترو چ لەمەش گەوەرەترو شەرم هێنەرتر لە لایەن حیزب و ڕژێمە دڕندەو دیکتاتۆرەکانەوە لە چەندین شوێنی دنیا ئەنجام دراون، ئاشکرایە کە بۆ هەر حیزب و دەسەڵاتێکی دڕندەو دیکتاتۆر ئەنجامدانی تاوان و کوشتن مسەلەیەکی ئاساییەو شایانی سەرئێشەو بیرلێکردنەوە نییە، بەڵام بۆ ئەو حیزب و ڕژێمانەی کە وەک ینک باسی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن و ئەم پڕوپاگەندانەمان ڕۆژانە پێدەفرۆشنەوە، پێلێنەنان و گوێپێنەدان و داوای لێبوردن نەکردن کارێکی قورسەو وەک مێژوویەکی ڕەش بۆیان دەمێنێتەوە. من لێرەدا تەنها دوونموونە دەهێنمەوە: لە ساڵی 1800 تەکاندا لە ئوسترالیا لە کاتێکدا کە کەمینەیەکی سپی پێست حکومی ووڵاتی بەدەستەوە بوو سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی لەبەرامبەر ڕەشپێستەکاندا بەکار هێنا، بەڵام لە ساڵی 2009 دا حکومەتەکەی کەڤین(Kevin) سەرەک وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا دوای زیاتر لە سەدو بیست ساڵ داوای لێبوردنی لە خەڵکە ڕەشپێستەکان کردو سیاسەتی ووڵاتی بەهەڵە لەقەڵمدا. لە وڵاتی سویدیش لە ساڵەکانی 1915 – 1930 یەکاندا، سوکایەتی و توندوتیژی لەدژی منداڵانی بێسەرپەرشت کە لە خانەی منداڵانی بێسەرپەرشت بوون ئەنجام دراوە، دوای تێپەڕ بوونی نزیک بە نەوت ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا، دەسەسەڵاتی ڕاستی ووڵاتی سوید بەسەرۆکایەتی فرێدریک ڕاینفێلدت دوای لێبوردنی لەو خەڵکانە کرد کە ئێستا زۆربەیان پیرو پەککەوتەن و لەباری دەورنییەوە ئازار دەچێژن، وە لە هەوڵی گفتگۆو قەرەبوو کردنەوەی ماددیدان بۆیان.

ڕیسوای بۆ سیاسەتی دژی مرۆڤانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بژی مافەکانی منداڵان
بژی سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان

Leave A Reply

Your email address will not be published.