ئایلان کوردی دڵە بچکۆلانەکەی بەخشی بۆ ڕزگار کردنی ملیۆنەها ئایلان، تا چیتر دەریا هەڵیان نەلوشێ..!!

شێرزاد فاتح : وێنەی زۆر ڕوداوو کارەساتی دڵتەزێن زۆرجار کاریگەریSherzad Fatih داناوەو خەڵکی ڕاچلەکاندووە، ڕۆژانە لاوانی کوردستان و خەڵکی وڵاتانی ئاسیا لە دەریای سپی و ئیجەو کوێو کوێ دەبنە قوربانی و کەمیان ئاسەواریان دەدۆزێتەوە یان ڕزگار دەکرێن، زۆرجاریش وێنە و ڤیدیۆی ئەم ڕوداوە دڵتەزێنانە لە تەلەفیزیۆن و مالپەڕەکان و فەیسبوک دادەگیرێت و دەبێتە مانشێتی ڕۆژی بڵاوکراوەکان، هەموو ئەم ڕووداوانە قسەو گفتوگۆ بە دوای خۆیدا دەهێنێت،

بەڵام هیچیان وەک وێنەی ئایلانی جەستە ساردەوەبووی ڕۆخی دەریا کە بەدەما کەوتبوو خەڵکی دنیا بەگشتی و بەتایبەتیش ووڵاتانی ئەوروپای ڕانەچڵەکاند، بینینی وێنەی ئەم منداڵە کە پڕبوو لە کارەسات و تراژیدیا، وایکرد بەشێکی زۆر لەسەرکردەکانی جیهان بێنێتە قسە و بەدوای ڕێگاچارەیەکدا بگەڕێن، لەزۆربەی زۆری ووڵاتان خەڵکی کەوتنە کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری،

بۆ نمونە لە سوید لەماوەی چەند ڕۆژی یەکەمدا کۆمەکەکان گەیشتە نزیکەی دە ملێۆن کرۆن، سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان خۆی چووە پشوازی پەنابەران، سەرۆک وەزیرانی سوید دەچێتە ئاڵمان بۆ ئەوەی بەشداری لەم پێشوازیەدا بکات، لە نەمسا بە سەدان کەس لەخەڵکی ئازادیخواز تابوری سەرەیان گرتبوو بۆ ئەوەی کۆمەک و هاوکاری لەجۆری ئاوو خواردن و جلوبەرگ بگەیەنن بە پەنابەران.

ئەم دنیایە پێچەوانەو نابەرابەرە، هیچ کاتێک لەمێژوودا کارەساتی گەورەی کۆچ لەمشێوەیە ڕووی نەداوە، تەنانەت لەشەڕی جیهانی یەکەم و دووەمیشدا ئەوەندە خەڵک ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێنەهێڵاوە و ئاوارە نەبوون و ئەم شەپۆلی پەنابەریە ڕیکۆردی جیهانی تێپەڕاندووە، ئێستا و لە ساڵی ٢٠١٥ دا گەورەرترین تراژیدیای مرۆیی بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیداهاتووە و بەردەوامیش لەپەرەسەندندایەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپ و خراپتر دەبێت، تا ئێستا و بەپێی ئامارە ڕەسمیەکان ئەوپەنابەرانەی کە ناونوسکراون ژمارەیان گەیشتۆتە ٦٠ ملیۆن پەنابەر,

ئەمە جگە لەوانەی کە لە دەروازە ناڕەسمیەکانەوە دزەیان کردۆتە ناو وڵاتانی ترەوە بەتایبەتیش هەنگاریا و وڵاتانی تری ئەوروپا، لەم ژمارەیە نزیکەی ١٥ هەزاریان لە کوردستانی عێراق و بە دەیان هەزاری تریش لە ناوەڕاست و خواروی عێراقەوە ڕوویان لە وڵاتانی دەرەوە کردووە، بەشی هەرە زۆری ئەم پەنابەرانە لە سوریاوە هاوتوون بەشەکەی تری ئەوانەن کە لە یەمەن، ئەریتریا، ئەسویپا و یەمەن و سۆماڵ و مەغریب چەندین ووڵاتی ترەوە هاتوون.

ئەوەی هۆکاری سەرەک ئەمە ڕەوە بەکۆمەڵەیە شەڕ و نائەمنی و برسێتی و گرانیە کە سەرچاوەکەی نیزامی بێڕوحمی سەرمایەدارییە و ئەوانەن کە شەڕونائەمنی ئەخوڵقێنن و نائارامی دروست دەکەن، دەنا خەڵکی سیڤیل هیچکات سەرچاوەی نەهامەتیەکان نین، شەڕی ناوخۆی سوریا گەورەترین نەهامەتی مێژووی تۆمار کردووە، زیاتر لە ٥٠% خەڵکی سوریا ئێستا ئاوارەی ووڵاتانی دەوروبەرو ئەوروپان، تیرۆریزمی ئیسلامی کە داعش سیمبولەکەیەتی گەورەترین کارەساتی مرۆیی خوڵقاندووە، لەپشتی ئەم هێزە مەزهەبیە تیرۆریستە توند ڕەوەوە کە بە خاڵی سەرەکی ئەمریکا لە پشتی دروستکردن و بەهێزکردنیەوەیەتی، دەیان ووڵاتی تری وەک و سعودیە، ئێران، قەتەر، تورکیا و ئەبوزەبی و کوێ و کوێ ی تر هەن یان بەجۆرێک دەستیان لە بەهێزکردنی میلیشیا چەکدارەجیاجیاکاندا هەیە کە بوونەتە هۆی بشێوی نائەمنی لە ناوچەکەدا، کە هەر ئەکەیان بەشێوەیەک نانی ئەم ژن و منداڵا کوشتن و ئاوارەبوون و دەربەدەریەی خەڵکی هەژارو لێقەوماوەوە ئەخۆن… داعش نەک هەر لە ووڵاتانی ئیسلامی و ناوچەکەدا، بەڵکو لە سەرتاسەری ئەوروپاشدا پێگەیەکی زۆر بەهێزی هەیە و بەشێکی زۆر لە سەرچاوەی بودجەی کردەوە و کارەتیرۆریستیەکانیان لە ئەوروپاوە سەرچاوە دەگرێت.

تا ئەو جێگەیەی بە کوردستان دەگەڕێتەوە، هۆی کۆڕی بەکۆمەڵی لاوان خەڵک و جێهێڵانی ووڵاتی خۆیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتێک لەکوردستان حوکمی خەڵک دەکات، دەسەڵاتی دوو خێڵی بارزانی و تاڵەبانی و دەست وپێوەندو خزم و عەشیرەتەکانیانن، کوڕو باوک و ژن و پورزاو ئامۆزاو خاڵۆزا جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، هەر کەسێکیش لێیان هەڵگەڕایەوە چارەنووسی مەحکوم بە مەرگە دەبێت و بە سیناریۆیەک لە ناوی دەبەن و دواتریش فایلێکی بۆ دا دەتاشن، بیست و چوار ساڵە سەرانی ئەم دوو حیزبەو پەرپرسەکانیان سەروەت و سامانی ئەم کوردستانەیان لە ژێر دەستی خۆیان ناوە و بە ئارەزووی خۆیان تەخشان و پەخشانی پێوە دەکەن، رێژەیەکی زۆر زۆر کەمی لەسەدی ئەم سەروەت و سامانە بە منتەوە دەدەن بەخەڵکی کوردستان لە ژێر ناوی مەعاش و ڕاتب، یان خزمەتگوزاری.

بیست و چوار ساڵە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دەخواو دەدزێ و بەتاڵان دەبات بەڵام هێشتا کوردستان بنەما سەرەتاییەکان و پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیان تێدا نییە، هێشتا خەڵک کێشەی کارەبای هەیە، هێشتا ئاو نیە، مەعاش نیە، جادەوبان نیە، دەکرێ هەر فەردێکی کۆمەڵگا بپرسێت ئاخر دەسەڵات و حکومەت یانی چی کە پاش بیست و چوار ساڵ هێشتا نەیتوانیوە پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ خەڵکی لەو چوارچێوە جوگرافیایەدا کە ناوی کوردستان بۆخەڵکەکەی دابین بکات؟ بیست و چوار ساڵە ئەم حیزبانە باوەشێنی ئیسلامی سیاسی دەکەن و لە دەسەڵات شەریکیان دەکەن و بودجەیان پێدەدەن کە بەشێکیان بەئاشکرا بەرگری لە داعش دەکەن هەموویان بوون بە شانەی نووستوی داعشن و بیست و چوار ساڵە لە تەویلەکانیاندا مشێکی منداڵان دەشۆنەوەو وەک و زەخیرەیەک بۆ دواڕۆژیان ڕایان دەهێنن و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی غەرقی کۆنەپەرستی دەکەن.

کۆمەڵگایەک کە لە دوڕگەی سەوز ئیتڵاعاتی ئێران و لە دوڕکەی زەرد میتی تورکی بە ئارەزووی خۆیان تەراتێن دەکەن، هەرکەسیش ڕەخنەیان لێبگرێت و پێان بڵێ ئێوە دزو جەردەو گەندەڵن دەیکوژن و لە نێوی دەبەن، دەیان نموونەی وەک سەردەشت ئوسمان وسۆرانی مامەحەمەو کێوکێ گەواهی ئەمە دەدەن، یانیش لە باشترین حاڵەتدا بەوە خەڵکی کوردستان دەستەمۆدەکەن و خۆڵ لە چاوی خەڵک دەنێن کە هەرچۆنێکە قبوڵی بکەن با ئەزموونەکەیان بپارێزن تا لەدەستی نەدەن! ئەم ئەزموونە چیە؟ کە خێرخۆشی و سەروەت و سامانەکەی بۆ دەسەڵاتدارانەو نەگبەتی و نەهامەتیەکەشی بۆ خەڵک، ئەمە چ پەیوەندی بە باشترکردنی ژیان خەڵکەوە هەیە؟

بیست وچوار ساڵە میلیشیای چەکداری حیزب دروست دەکرێت، بەڵام پێشمەرگە بەبێ نان و ئاوو، بەبێ جل و بەرگ بەبێ چەکی باش و تێرو پۆشتە سنگی ناوەتەبەرگولەوەو لەبەرەمبەر گەورەترین و دڕندەترین هێزی تیرۆریستی جیهانیدا وەستاوەتەوە، کە خاوەنی پێشکەوتووترین چەک و جبەخانەیەو هەموو ئیمکاناتێکی سەربازی و ماددی لەبەردەستدایە!

ئەم دەسەڵاتە ئیتر جێمتمانەی خەڵک نیە، خەڵکی کوردستان لەوە بە ئاگاترن کە بەم درۆودەلەسانەی ئەزموون ودیموکراسی و قسەی بێبنەماو بریق و باقانە بخەڵەتێن، خەڵکی کوردستان بەگشتی و لاوان بە تایبەتی داوای ژیان و خۆشگوزەرانی دەکەن، داوای بوونی بنەماسەرەیاییەکانی ژیان دەکەن، ئیتر کاتی ئەوە هاوتووە بڵێن ئێوە دەبێت برۆن و چۆڵی کەن!

٦ی سپتمبەر

Leave A Reply

Your email address will not be published.