لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی منداڵاندا، لە پایتەختی هەرێمی کوردستان منداڵانی ساوا فڕی دەدرێن..!!

شێرزاد فاتح:
لەم رۆژەدا ڕێکخراو و نوسەران و لایەنەکان، تەنانەت ئەوانەش کە لە دەسەڵاتدان و هۆکاری چەوساندنەوەو بێمافیەکانی منداڵانن قەڵەماکانیان دەخەنە گڕ و دەکەونە نووسین لەسەر ئەم ڕۆژە، زۆرێک لەم لایەن و ڕێکخراوانە تەنها بۆ پڕکردنەوەی ستونێکی ڕۆژنامەکەیان و ڕازاندنەوەی سەردێری وتارەکانیان ئەم کارەدەکەن و هیچی تر. چونکە لە ڕاستیدا زۆربەیان هەر ناشزانن ئەم ڕۆژە بۆ، کەی، بۆچی و لە کوێوە هاوتووە و بۆ ناوی لێنراوە ڕۆژی جیهانی منداڵان.
ڕۆژی جیهانی منداڵان بۆ!
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەمیشە لە شەڕو پێکدادان و کارەساتەکاندا منداڵان بەشێکی زۆر لە قوربانەکان منداڵان بوون، جا ئیتر کارەساتی سروشتی بێت یان شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان حیزب و لایەنەکان لەپێناوی دەسەڵات و پارەو پوڵ بێت، یانیش پەتاو بەڵای نەخۆشی و بەمدواییانەش پەتای ئیسلامی توندڕەوی داعش و بوکو حەرام و قاعیدەو حەشدی شەعبی و چی و چی تر…!! کە هەریەکەیان بەشێوەیەک بەرۆکیان بە کۆمەڵگا گرتووەو بونەتە مڵۆزمێک بۆ گیان خەڵک و منداڵان لە ئاسانترین پاروی ژێر دەستی ئەم دڕندانەن.
دوای چاوپێخشانی UN بە دەرئەنجامی شەڕی نێوان وڵاتانی سەرمایەداری زلهێز و بەتایبەتیش دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم و جەنگەکانی تری ناوچە جیاجیاکانی جیهان، سەرئەنجام دەرکەوت کە چەندە پۆلیس و سەربازو ئەوانەی کە لەبەرەکانی شەڕن و چەکیان بەدەستەوەیەو لەبەرەکانی شەڕدا بەکوشت دەدرێن، ژمارەیەکی تری زۆی خەڵی سیڤیل لە ژن و منداڵ و خەڵی بێتاوان لە کاتی تۆپبارانی فرۆکەو هێرش کردن بۆ سەر شارەکان و جێگەی ژیانی مەدەنی خەڵکدا ژمارەیەکی زۆرو بەرچاو لە منداڵانی بێتاوان دەبنە قوربانی، هەربۆیەشە لە یەکێک لە بڕگەکانی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا باس لە پاراستنی مافەکانی منداڵان کرا، ئەوەبوو هەر سەرەتاش ڕێکخراوێک بە ناوی عصبة الامم هەر لە ساڵی 1919 ەوە لەم بارەوەو لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا هاتە دەنگ، بەڵام ئەم ڕێخکراوە سەرکەتوو نەبوو لە کارەکانیدا و لە ساڵی 1945 دا هەڵوەشایەوە.
مێژوچەی ڕۆژی جیهانی منداڵان
لە ڕاستیدا هیچ ڕۆژێکی دیاری کراو نیە کە لە یەک کاتدا و لە سەرتاسەری جیهاندا پێکەوە ئەم یادە بکرێتەوەو ناوی ڕۆژی جیهانی منداڵان بێت، بەڵکو لە هەروڵاتەو بەشێوەیەک ئەم یادە دەکرێتەوە. مێژووی ئەم ڕۆژە چوار پێنج دەهەیەکە گرنگی پێدەدرێت و مێژووەکەی زۆر کۆن نیە، لە 20 نۆڤەمبەری ساڵی 1989 دا بۆ یەکەم جار نەتەوە یەکگرتووەکان UN لەسەر ڕۆشنایی بڕیاری ساڵی 1953 کە دەکاتە چەند ساڵێک دوای شەڕی ماڵوێرانکەری جەنگی جیهانی دووەم لەسەر ڕۆشنایی بڕیانەمەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا بڕیاری دا کە ڕۆژێک دیاری بکرێت بە ناوی ڕۆژی جیهانی منداڵان. ووڵاتەکانیش خۆیان سەرپشکن و بڕیار دەدەن کە کام ڕۆژە هەڵدەبژێرن و ناوی لێدەنێن ڕۆژی جیهانی منداڵان.
ڕۆژە جیاوازەکانی ڕۆژی جیهانی منداڵان
لە ووڵاتانی پۆلەند، ڕوسیا و ڕۆمانیا ڕۆژی 1 جونی واتە ڕۆژی یەکەمی مانگی شەش یادو ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی منداڵان دەکرێتەوە، لە ووڵاتانی یابان و کۆریای باکور ڕۆژی 5 مانی مەی کراوە بە رۆژی جیهانی منداڵان، لە تورکیا 23 ئەپریل و لە سوید هیچ ڕۆژێکی دیاری کراونییە کە بەڕەسمی و لە هەموو شارەکان ئەم یادە بکرێتەوە، بەڵام لە چەند شوێن و شاری سوید ئەم یادە دەکرێتەوە بۆ نمونە لە شاری یۆتۆبۆری لە باخچەی پاشا هونەرمەندی شێوەکار ماریە والین لە ساڵی 1999وە بەردەوام ئەم یادە دەکاتەوە، بەڵام هیچکات بە شێوەیەکی ڕەسمی و لە هەموو شارەکاندا نییە، زۆر جاریش لە 12 یان 10 ئۆکتۆبەری لە چەند شاری سوید ئەم یادە دەکرێتەوە.
ڕۆژی جیهانی منداڵان لە کوردستان و ناوچەکە
منداڵان ئەو مرۆڤە چکۆلانەو ساوایەی نێو خێزان و کۆمەڵگان لە بە ئاسانترین شێوە لە لایەن گەورەکانەوە ڕۆژانە لە نێو ماڵدا، لەسەرجادە، لە قوتابخانەو شوێنەگشتیەکاندا، لێیان دەدرێت، توندوتیژیان لەبەرامبەردا دەکرێت، ناچاردەکرێن بە کاری قورس و نەشیاو کە لە توانای جەستەی ناسکی منداڵاندا نیە، مل کەچ دەکرێن بۆ بازرگانی مادەی هۆشبەرو سێکس و هەرچی کاری نامرۆڤانەیە لە دژی منداڵاندا بەکار دەهێنرێت. لە کوردستانیش زۆرێک لەوانەی شاگردی خواردنگاکان، زۆرێک لەوانەی لەسەر شۆستەکان شت دەفرۆشن و پێڵاوبۆیاغ دەکەن منداڵانن. ئیتر ئەمە زۆر هاوکێشەیەکی قورس نیەو پێویستی بە زۆر بیر کردنەوەو لێکدانەوە نیە، هەر پیاسەیەکی بەردەرکی سەراو جادەی کاوە لە سلێمانی، هەڵوێستەیەکی شێخەڵاو بازاڕەکانی دەوروبەری قەڵای هەلێر و سەنتەری شارەکانی تری کوردستان ئەم ڕاستیە نیشان دەدەن کە منداڵان لەچ هەلومەرجێکدا ژیان دەگوزەرێنن. حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش هەرودوو حزبی زلهێز، کە ئێستا چەندین حزبی تریش بۆ دەسەڵاتەکایان زیاد کردووەو شەریک و بەرپرسن لە هەموو ئەو تاوانەی لە دژی منداڵاندا ئەەنجام دەدرێن، ئەمانە ئەوەی بۆیان گرنگ نیە مافەکانی منداڵانە، ئەم حزبانە خۆیان بەشێکن لەو نەگبەتی و نەهامەتیانەی بەسەر منداڵندا دێن. بزوتنەوە و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی ژەهراوی حوجرەو مێشک شتنەوە دەرخواردی منداڵان دەدەن و ئامادەو پەروەدەیان دەکەن بۆ چونە ناو داعش، بەپیی ئەو ئامارانەی کە لە ڕۆژنامەکان بڵاو دەکرێنەوە زۆرێک لەو منداڵ و تازە لاوانەی دەچنە ناو داعش بەجۆرێک لە جۆرەکان یان ئەندامی حیزبە ئیسلامیەکانن یانیش لە حوجرەو مزگەوتەکان وانەی دینیان پێدراوە و لەژێر دەستی ئەواندا پەروەردە کراون، یانش بەسەرپەرشتی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پرۆسەیە ئەنجام دراوەو بودجەی بۆ خەرجکراوە. ئەمەجگە لەوەی کە چەندین کەس لەوانەی چونەتە ناوداعش و ئەمڕۆ شمشیر بەدەستن و چەندین پێشمەرگە و منداڵ و ژنیان سەربڕیوە، بەسلەمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون لە وەزارەتی ئەوقافدا کاریان کردووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ، حکومەت و دەسەڵات و عەقڵیەتی خێڵ و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیە، حکومەتی خەڵک و ئامرازی جێبەجێکەرو خزمەت کردنی کۆمەڵگای کوردستان نیە، حکومەتێکە تینوی بیرەنەوتەکان و لێدانی پرۆژەی سەرمایەگوزاری و بە بارمتەگرتنی قوتی خەڵک و دزینی پاروی دەمی منداڵانی کوردستانە. ئەوەی بۆیان گرنگ نیە و لەبەرنامەیاندا نیە مافەکانی منداڵان و بیرکردنەوەیە لە ژیان و گوزەرانیان.
ئەوەتا لەسەروبەندی مافەکانی منداڵاندا، لەهەولێر دوو منداڵ لەسەرجادەکان و نزیک بەرمیلە خۆڵەکان فرێدەدرێن، دوای گەیاندنی ئەم منداڵانەش بە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، چونکە منداڵەکان ناویان نیەو کەس وکاریان دیار نیە، لەلایەن کارمەندانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنەوە لەسەر سنگی یەکێکیان ئەنووسن لقيط واتە زۆڵ، هەرلەم نێوەشدا کاتێک گفت و گۆو قسەوباس لەم بارەوە دەکرێت، ناسیۆلیستەکان و قەومپەرستان بەوە سەبوری دڵی خۆیان دەدەن کە مادام بەعەرەبی نوسراوە کەواتە ئەمە منداڵی عەرەبە ئاوارەکانن نەک منداڵی کورد، ئەمەش هێندەی تر شەرمهێنەرە، منداڵ نە دینی هەیە و نەتەوەو نەهیچی تر، کێ و لە کوێ و لە کام خێزان و کۆمەڵگا پەروەردە کرا، ئەوا ئەو مۆرکەی پێوە دەنرێت. لە کاتێکدا هێشتا دیار نیە کە ئاخۆ بەهۆی ئەوەی کە ئەم منداڵانە لە دەرەوەی پەیوەندی خێزان و هاوسەرگیری دروستبوون و لەدایک بوون بۆیە فڕێدراون، یاخۆد بەهۆی ئەوەوەیە کە لە ڕەگەزی کچن!!
ڕاپۆرتی ئەمساڵی یونیسیف جیاوازی زۆری لەچاو ساڵانی ڕابردوودا هەیە ، لە عێراق و سوریا کە ئێستا بەشێکی ووڵات بە دەست داعشەوەیە گەورەترین تاوان لە دژی منداڵان ئەنجامدراون. کوشتن، سەربرین و لاقەکردن وبەتایبەتیش منداڵانی ئێزیدی لە لایەن داعشەوە دڕندەترین تاوانی بە کۆمەڵە لەدژی منداڵان ئەنجام دراوە، لە سوریا 5.5 منداڵ ئاورەی دەرەوەی ووڵاتن، ئەمە جگە لە ئاورە بوونی 3 ملیۆنی تر کە لە ناوسوریادا ماون بەڵام لەماڵ و جێگەی ژیان خۆیان هەڵکەندراون. لە لایەن داعشەوە مەشقی سەربازی بە منداڵانی خوار تەمەن 10ساڵان دەکرێت و لە فێرگە سەربازیەکاندا فێری سەربڕین و کوشتنی مرۆڤ دەکرێن، هەتا دێت برسێتی و خراپی هەلومەرجی خوێندن ڕوولەخراپبوونی زیاترەو ڕادەی منداڵانی نەخوێندەوارو جیهێڵانی پۆلەکانی خوێندن لە زیاد بوندایە، بە تایبەتیش لە نێواندا ڕەگەزی مێینەدا کە دەکاتە 8% دانیشتوان دەکات.
چی بکەین؟ یاد کردنەوە، پیرۆزبایی یان هاتنەسەرجادە؟
لە ڕاستیدا کاتێک دەکرێت پێرۆزبایی ئەمڕۆژە لە منداڵان بکرێت، کە لانی کەمی داخوازیەکانیان بەدی هاتبێت، ژیانێکی مامناوەندیان هەبێت و ژیانیان پڕلە ئەمن و ئاسایش بێت، حورمەت و کەرامەتی ئینسانیان پارێزراوبێت. بەڵام لە ئێستادا هیچکام لەمانە بەدی نەهاتوون و ژیانی پڕ لە کولەمەرگی منداڵان لە لوتکەی خراپی دایە، لە ئێران و سعودیە و یەمەن و بەشێکی زۆری لە ووڵاتانی ئەفریقا یاسای ئیعدامی منداڵان هەیە، گەوەوبچوک بەشودان و ژن بەژنە وچەدندین یاسای دژی ئینسانی دژ بە منداڵان هەیەو پیادە دەکرێت.
بۆیە بەبڕوای من شتێک نیە کە پیرۆزبایی لێبکەین، بەڵام ئەوەی کە پێویستە لەسەرمان بیکەین ئەوەیە کە دەبێت لە هەموو کاتێک زیاتر و بە وریاییەوە چاو لەوەزعی ناهەمواری منداڵان بکەین، ئێمەی گەورەکان و پەروەردکاران ئەرکمانە نەهامەتیەکانی ژیانی منداڵان بۆ کۆمەڵگا بەیان بکەین و لەم مەترسیە گەورەیە ئاگاداریان بکەینەوە کە چ نەوەیەک سبەینێ ئەرکی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگای لە ئەستۆ دەبێت، هەروەها هەمیشە ئەخەی دەسەڵایداران بگرین و بەرپرسیاریان بکەین لە لەهەر نەهامەتی و نەگبەتییەک کە بەسەر منداڵاندا دێت.
بژی مافەکانی منداڵان
بژی رۆژی جیهانی منداڵان
سەنتەری بەرگری لەمافەکانی منداڵان
www.childiraq.com

Leave A Reply

Your email address will not be published.