ئیسلامی شیعە شەرعییەت بەئیغتصابی ئاشکرای منداڵان دەدات!

شێرزاد فاتح:
سەرئەنجام ئەو پێشنیارە نا ئینسانی‌و شەرمهێنەرەی حەسەن شەمەری وەزیری دادی عێراق لەئۆکتوبەری ٢٠١٣دا پێشکەشیکرد، لەهەفتەی کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠١٤دا مالیکی‌و ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەکەیای پەسەند کردو ناردیان بۆ پەرلەمان.
بەپێی ئەم یاسایە کە خودی ناوەکەی لە خێڵی جەعفەرییەوە هاتووە و تایەفەیەکی شیعە مەزهەبن لە عێراقدا، تەمەنی شوکردن و ژن هێنان بۆ کچان و کوڕان دیاری کراوە و لە چاو ئەو یاسای باری کەسێتییەی پێشوی عێراق سەد هێندەی تر بەرەو دواکەوتووی و وەحشیگەری ڕۆچووە.
یاسای باری کەسێتی جەعفەری دەڵێت: تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچان ٩ ساڵە و بۆ کوڕانیش ١٥ ساڵە. بە بەراورد لەگەڵ یاسای پێشووی ساڵی ١٩٥٩ یاسای باری کەسێتی عێراقی تەمەنی کچان و کوڕان بۆ شوکردن و ژن هێنان ١٨ ساڵی دانابوو، جگە لەمە ئەم یاسایە دەڵێت ئەگەر دایک و باوک ڕازی بوون، ئەوا بۆیان هەیە کە کچەکەیان لەتەمەنی ٨ ساڵیدا بەشوو بدەن.
من پێوایە مالکی و شەمەری و ئەو وەزیرانەی ئەنجومونی وەزیران کە ئیمزایان لەم پێشنیارە داوە نەخۆشن و کێشەی شزوزی جنسییان هەیە، پێم وا نییە هیچ کەسێکی ئاسایی ئەگەر کێشەیەکی دەرونی یان شزوزی سێکسی نەبێت بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ منداڵاندا بکات و یاسای جەنگەڵیان بۆ دەربکات. یاسا بە گشتی بۆ ڕێکخستنی ژیانی خەڵکە، بۆ ئەوەیە کە هاووڵاتیان ئەرک و مافەکانی خۆیان وەک هاووڵاتی لەچوارجێوەی یاسایەکدا بناسن و درکی پێ بکەن. بەڵام ئەمڕۆ لە عێراقدا لە سایەی دەسەڵاتێکی ئاینی، خێڵەکی و نەتەوەیی و تا سەر مۆخ کۆنەپەرستدا، بێشەرمانەو بە بێگوێدانە هیچ پرەنسیپێکی مرۆیی و یاسا نێودەوڵەتییەکان، یاسای هەوەسبازی خۆیان بەسەر خەڵکی عێراقدا، وە بە تایبەتیش بەسەر ژنان و منداڵاندا دەسەپێنن.
ئەم یاسایە ئەوەندە گەندەڵەو دژی ژنانە، بە جۆرێک مەگەر تەنهاو تەنها مێشکی ئیسلامییە تونڕەوەکان و هەوادارانی مالیکی لە جۆری جمهوری ئیسلامی ئێران، داعش و تالیبانەکان هیندە مێشک گەندەڵ بن. هەتا وەکو زیاتر یاساکە بیخوێنیتەوە و لێکی بدەیتەوە هێندە زیاتر هەست بە بۆنی گەندەڵییەکەی دەکەیت. لەم یاسایەدا سەرباری ئەوەی کە فرەژنی بۆ پیاوان بەڕەسمی دەناسێت، سەرباری ئەمە پیاو بۆی هەیە لەسەروی چەند ژنەوە زەواجی متعە – سیغە ش بکات، ئەمە جگەلەوەی کە دەبێت پیاوە هەوەسبازەکانی مالیکی و شەمەری و هەموو ئەوانەی کە سەربە ئاینەکەیانن، دەبێت پیاو بە ئارەزووی خۆی هەوەسی خۆی دامرکێنێتەوەو هیچ کاتێک ژن بۆی نیە بڵێ نا. بەپێی ئەم یاسایە ژن کۆیلەی پیاوە، بەبێ فەرمانی پیاو بۆی نییە هیچ شتێک بکات و لەهەمان کاتیشدا پیاو بۆی هەیە کەی ویستی ژنەکانی دەربکات، تەڵاقیان بدات و هیچ هەق و هقوقێکیشیان پێنەدات.
جگە لە یاسا مەزهەبیەکان، یاسای ئیسلام بە گشتی و یاسای شیعە مەزهەب بە تایبەتی، هیچ یاسایەک لە دنیادا ئەوەندە کۆنەپەرست و دواکەوتوو نیە، من نازانم چۆن حەق بە دایک و باوک دەدرێت کە منداڵەکەیان لە تەمەنی ٨ ساڵیدا بەشوو بدەن، ئەمە ئەگەر بەیاسایی کردنی ئیغتسابی منداڵان نەبێت هیچی تر نییە، ئەمەش تاوانە.
ئەرکی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازە، بە تایبەتیش ئەوانەی کە بەرگری لە مافەکانی ژنان و منداڵان دەکەن، لە دژی ئەم یاسا نامرۆڤانەیە، لە دژی ئەم یاسای جەنگەڵە بوەستنەوە، لە هەمانکاتدا، یاساکە و داڕێژەرانی ڕیسوا بکەن، ئەم کەسانە تاوانبارن و دەبێت بدرێن بە دادگای نێودەڵەتی، بۆهەر جێگەیەکی دنیاش سەفەر بکەن، دەبێت لە لایەن بەرەی ئازادیخوای کۆمەڵگاوە ڕێیان لێبگیرێت و بدرێنە بەر هێلەکە و تەماتە و ڕیسوا بکرێن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.